اتحاد فدائیان کمونیست
کار ، مسکن ، آزادی ، جمهوری فدراتیو شورائی!

چریکی فیدایی هاوری عەلیڕەزا نابدڵ ڕەمزی دۆستایەتی گەلی کورد و گەلی تورکی ئازەری

شەهید عەلیڕەزا نابدل لە ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی (١٩۴٣) لە بنەماڵەیەکی مامناونجی لە شاری تەورێز چاوی بە دنیا پشکووت. هەر لە مێردمنداڵییەوە خولیای کتێب خوێندنەوە و شیعرهۆندنەوە بوو و، دواتر لە سەرەتای ساڵانی ١٩۶٠ی زایینی لە تەورێز لەگەڵ سەمەدی بەهرەنگی و بێهرووزی دێهقانی ناسیاوی پەیدا کرد.
لەو ساڵانەدا هێندێک ڕووناکبیری تورکی ئازەری سەرەڕای ئەو قەدەغە توندەی لە ئێران لەسەر زمانەکانی غەیری فارسی بە ڕێوە دەچوو، بەپێی دەرفەت حەولیان بۆ بووژاندنەوە و پێشخستنی زمانی تورکی ئازەربایجانی دەدا، کە بە دوای تێکشکانی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان و کوشتاری خەڵک بە دەست ڕێژیمی پەهلەوی بە تەواوی سەرکوت کرابوو. لەو ساڵانەدا هێندێک لە شیعرەکانی نابدڵ بە نازناوی “ئۆختای” لە هێندێک بڵاوکراوە و گۆواران وەکوو “آدینە” و “ارک” لە تەورێز بڵاو دەکرایەوە. هەر ئەو سەروبەندە نابدڵ لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە “ئازەربایجان و مەسەلەی نەتەوەیی” نووسی کە بە شێوەی نهێنی لەناو ئەو تێکۆشەرانەدا بڵاو کرایەوە کە خۆیان بۆ خەباتی مان و نەمان دژی ڕێژێمی پاشایەتی ئامادە دەکرد.
نابدڵ بۆ درێژەدان بە خوێندن و چالاکی چووە تاران و لە زانکۆی حقووق لە بەشی قەزاییدا دەستی بە خوێندن کرد. لە زانکۆ لەگەڵ خوێندکارانی کورد ناسیاوی پەیدا کرد. بە خوێندنەوەی ئەو پارچە شیعرە پڕ لە خۆشەویستی و حەماسه‌یەی کە بۆ کوردستانی گوتووە، دەردەکەوێ بە چیا و دەشتی کوردستاندا گەڕاوە، جوانیی خۆڕسکی کوردستان و چلۆنەیەتیی ژیانی خەڵک بە قووڵی کاری لە هەست و نەستی کردووە.
نابدڵ یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکەم دەستەی خەبانی چەکداریی ناوشار بوو لە تەورێز لە زەمانی ڕێژێمی حەمەڕەزا شا و ئەو کۆمەڵە لە تێکۆشەرانی وەک بێهرووزی دێهقانی، کازمی سەعادتی و مەنافی فەلکی پێک هاتبوو و دواتر لەگەڵ چریکەکانی فیدایی خەلق یەکی گرتەوە.
لە مانگی خاکەلێوەی ١٣۵٠ هەتاوی (مارسی ١٩٧١) عەلیڕەزای نابدل و جەوادی سەلاحی کە لە گەڕەکی پامێناری تاران خەرێکی پێوەنووساندنی یەکەم ڕاگەیاندنەکانی ڕێکخراوەی چریکە فیداییەکان بەسەر دیوارەوە دەبن ئەڕتەشییەکی خانەنشینکراو دەیانبینێ و ده‌ست دەکا بە هاوار. ئەوان دەیانەوێ لە گەڕەکەکە دوور بکەونەوە و سواری مۆتۆرسیکلێتێک دەبن کە پێیان بووە تا دەگەنە سێ ڕێیانێک، لەوێ دادەبەزن و بێ ئەوەی بزانن دەچنە نێو ئەو کۆڵانەی کە دەگاتە کەلانتەری پامێنار. سەلاحی کە دەبینێ دەورە دراون گولەیەک لە خۆی دەدا بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەگیرێ و دەستبەجێ گیان دەسپێرێ. عەلیڕەزاش سواری مۆتۆرسیکلێتەکە دەبێتەوە بۆ ئەوەی لەوێ دوور بکەوێتەوە، بەڵام مۆتۆرسیکلێتەکەی دەکەوێتە نێو جۆگەیەک و بە سەریدا دەکەوێ. ئەویش تەقە لە خۆی دەکا، بەڵام بە برینداری دەگیرێ و دەستبەجێ دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی پۆلیس. ڕێژیم لەو سەروبەندەدا توانیبووی ٩ کەس لە ئەندامانی سەرەتایی ڕێکخراوەکە بناسێتەوە و وێنەی ئەوانی لە ڕۆژناماندا بڵاو کردبووە و لە دار و دیواری تارانی هەڵاوەسیبوو و بۆ دۆزینەوەی هەرکامێکیان بە زیندوویی سەدهەزار تمەنی خەڵات دیاری کردبوو.
نابدڵ عەمەلییات دەکەن بۆ ئەوەی چاک بێتەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ئعترافی لێ وەربگرن. ئەویش بۆ ئەوەی هاوڕێکانی بپارێزێ و لەژێر ئەشکەنجەدا ناویان نەدرکێنێ، جارێک لە نهۆمی سێیەمی نەخۆشخانەی شارەبانیڕا خۆی فڕێ دەدا و گاوی برینەکانی هەڵدەوشێ، ئەو جاره‌یش زیندوو دەمێنێتەوە، برینەکانی دەدروونەوە و لەسەر ئەشکەنجەکردنی بەردەوام دەبن.
دواجار نابدل و ٨ کەسی دیکە لە هاوڕێیانی لە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣۵٠ تیرەباران دەکرێن.
کوردستان
عەلیڕەزای نابدل (ئۆختای)
وەرگێڕانی حەسەنی قزڵجی

هۆ، چ که‌ژ و کێوێکی به‌رز
کام چه‌کمه‌ی خوێناوی ده‌توانێ به‌ ئه‌م چیا به‌رزانه‌دا سه‌رکه‌وێ
کام ڕاوکه‌ری بێگانه‌ ده‌توانێ ئاسکه‌ شاره‌زاکانی ئه‌م ڕه‌وه‌زانه‌ به‌ دیل بگرێ
ئێواره‌یه‌کی خه‌فه‌تاوی
ئینسانێکی دیل به‌ ده‌ستی به‌ستراو
نه‌ پێکه‌نینێکی به‌سه‌ر لێوه‌وه‌ و نه‌ گریانێک
به‌ سام وێستاوه‌
هۆ، چ شیو و دۆڵێکی قووڵ
ئه‌وه‌نده‌ قووڵ که‌ ئینسانی به‌ قووڵایی “هەژار” خولقاندووه‌
هۆ، چ شیوێک، هاژه‌ی قزڵ وه‌زان له‌ ده‌میدا شیرین و ئاگرینه‌
به‌ چه‌شنێکی وا که‌ ده‌ڕژێته‌ خاکی ئێمه‌وه‌
وه‌ک قاسیدی دڵی ئاگرین خه‌ڵک … [وشەیەک نابیسترێ
نزار و لێڕه‌واری به‌ڕوو به‌ به‌رۆکی چیاکاندا هه‌ڵده‌کشێن
ئێواران هه‌ر مه‌لێک هه‌زار ئاوازی ئه‌فسانه‌یی ده‌خوێنێ
ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی وه‌ک لایه‌لایه‌ی دایکێک وان که‌ به‌ هه‌وای ئه‌وانه‌
کوردستانی جوان ورده‌ ورده‌ خه‌و دیباته‌وه‌
ئه‌وسا که‌ ده‌ڕوانییه‌ پێده‌شتییه‌کان
مه‌زرای سه‌وزی تووتن وه‌ک زه‌نبه‌ق ڕاخراو، چاوت ده‌لاوێننه‌وه‌
به‌ درێژایی رۆژ کچان و کوڕان
به‌ پانایی ئه‌و ده‌شته‌دا ئاره‌ق ده‌ڕێژن
ڕه‌شماڵان له‌ کوێستان
شوان له‌ ده‌وار و بلوێر به‌ ده‌م شوانه‌وه‌
ئاوازی خوێناوی لێ ده‌دا و به‌ په‌رۆشێکی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌
که‌ فه‌رهادی قاره‌مانی له‌ باوه‌شی بێستووندا نوقمی خوێن کرد
و شیرین ئه‌و شۆخه‌ی ڕۆژگاری خۆی و خونچه‌ی وڵاته‌که‌ی له‌ گیانی خۆی وه‌ڕز کرد
هۆ، چ که‌ژ و کێوێکی به‌رز
کام چه‌کمه‌ی خوێناوی ده‌توانێ به‌ ناو ڕه‌وه‌زه‌کانیدا بڕوا
کوڕانی چاوگه‌لاوێژ ڕاوکه‌ری ئه‌م ڕه‌وه‌زانه‌ن
و مه‌حه‌به‌تێکی ئه‌وه‌نده‌ قووڵیش له‌ دڵیاندا ده‌جووڵێ
که‌ داخ ده‌باته‌ دڵی” سه‌لاحه‌دینه‌وه‌”
به‌ حیماسه‌ی ئه‌فسانه‌یی تووڕه‌ییه‌وه‌ که‌ دڵی دوژمن داده‌خورپێنێ
هۆ، چ که‌ژ و کێوێکی چه‌قیوو داکوتراو
چ خه‌ڵکێکی سه‌ربه‌رز
دۆستی هه‌موان و برای ئێمه‌
هاڤاڵ چه‌نده‌ به‌ ئه‌مه‌گی
ئه‌مه‌گێکی ئه‌وه‌نده‌ مه‌زن وه‌کوو تاشه‌به‌رد له‌ناو بڵێسه‌ی ئاگردا
چ شیو و دۆڵێکی قووڵ، چ ئاوێکی ئاگرین
نزاره‌کان به‌ بناره‌کاندا ڕاکشاون
تووتنه‌کان ده‌شتاییه‌کانیان داپۆشیوه‌
ئێواران هه‌ر مه‌لێک هه‌زاران ئه‌فسانه‌ ده‌خوێنێ، هه‌زاران و هه‌زاران
ئه‌مه‌یه‌ کوردستان، ئه‌مه‌یه‌ کوردستان
تا ئه‌و وه‌خته‌ که‌ قزڵ وه‌زان ئاژینه‌ و خوڕه‌ی دێ
و ئه‌ستێره‌کان چاو له‌ زه‌وی دادەگرن
به‌روبووی ڕه‌نجی شانی خه‌ڵکه‌که‌ت هه‌ر زۆر بێ
کوردستانی برامان هه‌ر بژی
……………
شیعری“کوردستان”تائێستازۆرجارلێره‌ولەوێ بڵاو بووتەوەو،بەدەنگی گۆرانیبێژی ناسراوی تەورێزی
“ئەییووب زرووفچی”کراوە بە گۆرانی.ئەم وەرگێڕانەی خوارەوە بە قەڵەمی چیرۆکنووسی نەمر حەسەنی قزڵجی کە کاتی خۆی لە ڕادیۆی پەیکی ئێران بە دەنگی خۆی بڵاوی کردووەتەوە مانای ئەو پارچە شیعرە ناسک و حەماسییە ئەوەندەی دیکەش زیاتر دەکا. لێرەدا پێویستە سپاسی کاک دوکتور عەزیزی فەیزنەژاد بکرێ بۆ پاراستنی ئەو کاسێتە و هەروەها بەڕێز برایمی فەڕشی کە دەقەکەی بەراورد کردووە، پێیداهاتووەتەوە و هێناویەتە سەر کاغەز.
لە سەردەمێکدا کە بە داخی گرانەوە بەشێکی زۆر لە “ڕووناکبیر” و میدیای ئازەربایجانی بە دەمارگرژییەوە تۆوی دوژمنایەتی لە نێوان گەلی ئازەری و گەلی کورددا دەوەشێنن و بانگەشەی زۆر ناڕەوا دەکەن، ئەم پەیامەی شاعیری نەمر ئۆختای دەتوانێ وە هۆش خۆیان بهێنێتەوە. نابدڵ بەحەق ڕەمزی دۆستایەتیی گەلی کورد و گەلی تورکی ئازەرییە.

” ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی فەرهەنگیی هەولێر، کە بڵاوکراوەیەکی فیکری – ڕەخنەییە و ڕۆژنامەی هەولێر دەریدەکا لە ژمارەی ٣١ هەفتەی ٢٠ – ئایاری ٢٠١٠
دا بڵاو کراوتەوە ”

ارسال یک پاسخ

آدرس ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

Translate »