اتحاد فدائیان کمونیست
کار ، مسکن ، آزادی ، جمهوری فدراتیو شورائی!

 ماسی ڕەشی بچکۆلە

چیرۆکێک لە :هاورێ‌ سەمەد بەهرەنگی
لە بڵاوکراوەکانی : کومیتەی کوردستانی رێکخراوی یەکێتی فیدائیانی کۆمۆنیست
خەزەڵوەری 1382


شەوی چلە بوو . لە قووڵایی دەریا , ماسی پیر دوانزە هەزار دانە لە منداڵان و نەوەکانی بە دەوری خۆی کۆ کردە بوو و بۆ ئەوان داستانی دەگیرا : (( یەکێک بوو , یەکێک نەبوو . ماسی ڕەشی بچکۆلەێک بوو کە لە گەڵا دایکی لە جۆگەێک ژیان بە سەر دەبرد . ئەم جۆگەیە لە دیوارەکانی بەردی چیا دەهاتە دەرەوە و لە دۆلێک بە رێ‌ دەکەوت . ماڵی ماسی ڕەشی بچکۆلە و دایکی لە پشتی بەردێکی ڕەش بوو , لە ژێر سەقفێک لە خەزە . شەوان هەر دووی ئەوان لە ژێر خەزەکان دەخەوتن . ماسی ڕەشی بچکۆلە ئاواتی دەخوازی بۆ جارێکیش کە بووە , مانگە شەو لە ناو ماڵەکەیان ببینێ‌ ! دایک و منداڵا , بەرەبەیانی تاکو شەو بە شوێن یەکتر بە رێ‌ دەکەوتن و هندێک جار تێکەڵی ماسیەکانیتر دەبوون و خێرا , خێرا دەچوونە سووچێک , دەچوون و دەگەرانەوە . ئەم منداڵە تاقانە بوو . چونکە لە دە هەزار هیلکەی کە دایکی کردە بوو , تەنیا ئەم منداڵە زیندو مابوو . چەند ڕۆژێک بوو کە ماسی بچکۆلە بیری دەکرد و زۆر قسەی نەدەکرد . هێدی هێدی و زۆر بە خاوە خاو بەم لا و ئەو لا دەرۆیشت و دەگەرایەوە و زۆربەی کاتەکان لە دایکیشی پاش دەکەوت و جیا دەبوو . دایک پێ‌ وابوو منداڵەکەی نەخۆشە و بەم زووانە چاک دەبێتەوە , بەڵام تۆ نەڵێ‌ کە دەردی ماسیە ڕەشەکە لە شتێکیترە ! ڕۆژێک بەرەبەیانی بوو , هێشتا ڕۆژ دەر نەهاتبوو , ماسی بچکۆلە دایکی لە خەون هەستاند وپێ‌ گۆتی : (( دایکە , ئەمەوێ‌ لە گەڵا تۆ هندێک قسە بکەم )) . دایک کە چاوی بە خەو بوو گۆتی : (( ڕوڵە گیان ئێستا تۆ کاتت دەس کەوتووە ! قسەکەت بهێڵە بۆ دوایی , باشتر وا نیە بچینە سەیران ؟ )) ماسی بچکۆلە گۆتی : (( نە دایکە , من چیتر ناتوانم بچمە سەیران . دەبێ‌ لێرە بچم . )) دایک گۆتی : (( حەتمی دەبێ‌ بچی ؟ )) ماسی بچکۆلە گۆتی (( بەڵێ‌ دایکە , دەبێ‌ بچم . )) دایکی گۆتی : (( ئەدی , بەرەبەیانی بەم زووە بۆ کوێ‌ ئەدەوێ‌ بڕۆی ؟ )) ماسی ڕەشی بچکۆلە گۆتی : (( ئەمەوێ‌ بچم بە چاوی خۆم ببینم کۆتایی جۆگەکە لە کوێ‌ دایە . دەزانی دایکە , ئەمن چەند مانگە بیر دەکەم کە کۆتایی ئەم جۆگەیە لە کوێ‌ دایە و هێشتا هێشتایە , نەتوانیوم ئەم شتە بزانم . لە دوێنی شەو تاکو ئێستا خەون بە چاوم نەرۆیشتووە و هەمووی بیر دەکردم . تاکو بڕیارم دا خۆم بچم و کۆتایی جۆگەکە بدۆزمەوە . ئەمەوێ‌ بزانم لە شوێنەکانیتر چ خەبەرە . )) دایک پێ‌ دەکەنی و گۆتی : (( منیش کاتێک منداڵا بووم , زۆر لەم بیرانە دەکردم . ئاخر گیانەکەم ! جۆگە کە ئەوەڵا و ئاخری نیە : هەر ئەمەیە کە هەیە ! جۆگە هەمیشە دەڕوات و بە هیچ جێگایکیش ناگات . )) ماسی ڕەشی بچکۆلە گۆتی : (( ئاخر دایکە گیان , مەگەر نە ئەمەی کە هەر شتێک دەگاتە کۆتایی ؟ شەو دەگاتە کۆتایی , رۆژ دەگاتە کۆتایی ؛ هەفتە , مانگ , ساڵا و . . . )) دایکی دایە ناو قسەکانی ئەو و گۆتی : (( گوێ‌ مەدە ئەم قسە زڵا زڵانە , هەستەوە با بچینە سەیران . ئێستا کاتی سەیرانە نە ئەم قسانە ! )) ماسی ڕەشی بچکۆلە گۆتی : (( نە دایکە , من ئیتر لەم سەیرانە ماندوو بووم , ئەمەوێ‌ بە رێ‌ بکەوم و بچم بە چاوی خۆم ببینم لە شوێنەکانیتر چ خەبەرە . لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە کە کەسێک ماسیە بچکۆلەی فێری ئەم قسانە کردووە , بەڵام بزانە کە من خۆم زۆر دەمێکە ئاوا بیر دەکەم . هەڵبەتە زۆر شتیش لەم کەس و لەو کەس فێر بووم ؛ بۆ نموونە لەمە تێگەیشتووم کە زۆربەی ماسیەکان , کاتی پیری سکالا دەکەن کە ژیانیان بە فێرو چووە . هەمیشە ناڵە و نەفرین دەکەن و لە هەموو شت سکالایان هەیە . من ئەمەوێ‌ بزانم کە , بە راستی مانای ژیان ئەمەیە کە تەنیا لە یەک شۆین دا , هەمیشە بچیت و بگەریتەوە تاکو پیر بیت و ئیتر هیچ , یان ئەمەی کە بە شێوەێکیتریش دەتوانرێ‌ لە دونیادا ژیان بە سەر برد ؟ . . . ))
کاتێک کە قسەکانی ماسیە بچکۆلە تەواو بوو . دایکی گۆتی : (( ڕۆڵە گیان ! مەگەر شێت بووی ؟ دونیا ! . . . دونیا ! . . . دونیا ئیتر یانی چی ؟ دونیا هەر ئێرەیە کە ئێمە تێداین , ژیانیش هەر ئەمەیە کە ئێمە هەمانە . . . ))
لەم کاتەدا , ماسیەکی گەورە نزیکی ماڵەکەیان بوو و گۆتی : (( جیرانی من , لە سەر چی لە گەڵا منداڵەکەت وڕاوە دەکەی , دەڵی ئەمڕۆ ناتانەوێ‌ بچن بۆ سەیران ؟ ))
دایکی ماسی , بە دەنگی جیرانەکەیان , لە ماڵا هاتە دەرەوە و گۆتی : (( چ ساڵا و زەمانەێکە ! ئێستا ئیتر منداڵەکانیش ئەیانەوێ‌ شت فێری دایکەکانیان بکەن . ))
جیرانەکە گۆتی : (( لە بەر چی ؟ ))
دایکی ماسی گۆتی : (( تەماشا بکە ئەم یەک بست منداڵە بۆ چ شۆێنێک ئەێەوێ‌ بڕوات ! هەمیشە دەڵێ‌ ئەمەوێ‌ بڕۆم بە چاوی خۆم ببینم لە دونیا دا چ خەبەرە !چ قسانەی زڵا زڵێک ! ))
جیرانەکە گۆتی : (( بچکۆلە , با بزانم تۆ لە کەی تا ئێستا زانا و تێگەیشتوو بوویت و ئێمە ئاگامان لێ‌ نەبووە ؟ ))
ماسی بچکۆلە گۆتی : (( خاتوو ! من نازانم ئێوە (( زانا و تێگەیشتوو )) بە چی دەڵین . من تەنیا لەم سەیرانانە ماندوو بووم و نامەوێ‌ درێژە بدەمە ئەم سەیرانە ماندووکەرانە و بە درۆ خۆش بم و لە ناکاو چاوم بکەمەوە و ببینم وەک ئێوە پیر و پەککەوتوو بووم و هێشتا هەر ئەو ماسیە چاو و گوێ‌ بەستراوەم کە پێشتر بووم . ))
جیرانەکە گۆتی : (( هەی ! . . . چ قسانەی ! ))
دایکی گۆتی : (( من قەد بیرم نەدەکرد منداڵی تاقانەم بەم جۆرە بێت . نازانم کام بەد جنس منداڵی ئازیزی منی هان داوە ! ))
ماسی بچکۆلە گۆتی : (( هیچ کەسێک منی هان نەداوە . من خۆم عەقڵا و هوشم هەیە و تێدەگەم , چاوم هەیە و دەبینم . ))
جیرانەکە بە دایکی ماسی بچکۆلە گۆتی : (( خوشکە , ئەو حەڵەزوونە پێچ پێچە لە بیرت دێت ؟ ))
دایک گۆتی : (( بەڵێ‌ , باشت گۆت , زۆر بۆ منداڵەکەم قسەی دەگۆت . بڵێَم خوا چی لێ‌ بکات ! ))
ماسی بچکۆلە گۆتی : (( بەس کە دایکە ! ئەو هاورێ‌ من بوو . ))
دایکی گۆتی : (( هاورێەتی ماسی و حەڵەزوونم نەبیستبوو ! ))
ماسی بچکۆلە : (( منیش دوژمنایەتی ماسی و حەڵەزوونم نەبیستبوو . بەڵام ئیوە هەمووتان ئەو فەقیرانەتان بێ‌ سەر و شوێن کرد . ))
جیرانەکە گۆتی : (( ئەم قسانە هینی ڕابردوویە . ))
ماسی بچکۆلە گۆتی : (( ئێوە خۆتان قسەی ڕابردووتان هێنایە پێش . ))
دایکی گۆتی : (( حەقی خۆی بوو کە بیکوژین , مەگەر لە بیرت چووە لێرە و لەوێ‌ دادەنیشت و چ قسانەی دەکرد ؟ )) ماسی بچکۆلە گۆتی : (( ئەی منیش بیکوژن , چونکە منیش هەر ئەو قسانە دەکەم . ))
سەرتان بە ژان نەهێنم ! دەنگی وڕاوە , ماسیەکانیتریش هێنایە ئەوێ‌ . قسەکانی ماسی بچکۆلە هەموویان توڕە کردە بوو . یەکێک لە ماسیە پیرەکان گۆتی : (( پێت وایە بەزەئیمان بە تۆیش دێت ؟ ))
ئەوەیتریان گۆتی : (( تەنیا ئازارێکی بچۆکی دەیەوێ‌ ! ))
دایکی ماسی ڕەشەکە گۆتی : (( لێرە بڕۆن ! دەس بە منداڵەکەم مەدەن ! ))
یەکی دیکە لەوان گۆتی : (( خاتوو ! کاتێک منداڵەکەت ئاوا کە پێویستە پەروەردە ناکەی , دەبێ‌ تاوانەکەیشی بدەی . ))
جیرانەکەی گۆتی : (( من کە شەرمەزارم لەوەی کە جیرانی ئێوەم . ))
ئەوەیتریان گۆتی : (( تاکو کارەکە قووڵا نەبووەتەوە , ئەو بینێرین بۆ لای حەڵەزوونە پیرەکە . ))
ماسیەکان تا هاتن ماسی بچکۆلەکە بیگرن , دۆستەکانی دەوری ئەویان دا و دەربازیان کرد . دایکی ماسی ڕەشەکە ئەدا لە سەر و سینگی خۆی و دەگریا و دەیگۆت : (( ئاخ و داخ , منداڵەکەم خەریکە لە دەستم دەچێ‌ . چی بکەم ؟ چ قۆرێک لە سەرم بکەم ؟ ))
ماسی بچکوولە گۆتی : (( دایکە ! بۆ من فرمێسک دامەرژێنە , بە حاڵ و وەزعی ئەم ماسیە پیرە قۆر بە سەرانە بگریە . ))
یەکێک لە ماسیەکان لە رێگای دوورەوە دەنگی بەرز کردەوە و گۆتی : (( ئیهانە مەکە , نیو بستی ! ))
دووهەمیان گۆتی : (( ئەگەر بچیت و دوایی پەشیمان بگەریتەوە , ئیتر ئێمە رێگات پێ‌ نادەین بیتە ناو ئێمە ! ))
سێهەمیان گۆتی : (( ئەمانە هەوا هەوەسەکانی دەورەی لاویە , مەڕۆ ! ))
چوارەمیان گۆتی : (( مەگەر ئێرە چ عەیبێکی هەیە ؟ ))
پێنجەمی گۆتی : (( دونیاێکی دیکە لە کاردا نیە , دونیا هەر ئێرەیە , بگەرەوە ! ))
شەشەمیان گۆتی : (( ئەگەر بیتە سەر عەقڵا و بگەریتەوە , ئەو کات باوەرمان دەبێ‌ کە بە راستی ماسیەکی تێگەیشتووی . ))
هەفتەمی گۆتی : (( ئاخر ئێمە بە دیتنی تۆ عادەتمان کردووە . . . ))
دایکی گۆتی : (( بەزەئیت بە من بێت , مەڕو ! . . . مەڕۆ ! ))
ماسی بچکۆلە ئیتر لە گەڵا ئەوان قسەی نەدەکرد . چەند کەس لە دۆستانی هاو تەمەنی تاکو تاڤگەکە لە گەڵی چوون و لەوێدا گەرانەوە . ماسی بچکۆلە کاتێک لەوان جیا دەبوو گۆتی : (( دۆستان , بە ئومێدی دیدار ! لە بیرم مەکەن . ))
دۆستەکانی گۆتیان : (( چون دەبێ‌ لە بیرت بکەین ؟ تۆ ئێمەت لە خەونی کەروێشکی هەستاند , ئێمەت فێری ئەو شتانەی کرد کە بیریشی لێ‌ نەدەکردین . بە ئومێدی دیدار , دۆستی زانا و نەترسی ئێمە ! ))
ماسی بچکۆلە لە تاڤگەکە هاتە خواری و کەوتە ناو گۆمێکی پڕ لە ئاو . یەکەم جار نەدەزانی چی بکات , بەڵام دوایی خەریکی مەلە کردن بوو و بە دەوری گۆمەکە دەگەرا . تا ئەو کاتە نەدیتە بوو کە ئەم هەموو ئاوە لە یەک شوێن کۆ ببێتەوە . هەزاران کەفچە ماسی لە ناو ئاو دەگەران . ماسی ڕەشی بچکۆلەیان کە بینی , گاڵتەیان پێ‌ دەکرد و دەیانگۆت : (( رووخساری ببینن ! تۆ ئیتر چ گیانەوەرێکیت ؟ ))
ماسی بچکۆلە , بە باشی تەماشایان کرد و گۆتی : (( تکایە ئیهانە مەکەن . ناوی من ماسی ڕەشی بچکۆلەیە . ئێوەیش ناوی خۆتان بڵێن تا لە گەڵا یەکتر ئاشنا بین . ))
یەکێک لە کەفچە ماسیەکان گۆتی : (( ئێمە یەکتر کەفچە ماسی بانگ دەکەین . ))
ئەوەیتریان گۆتی : (( خاوەن ئەسڵا و ریشە . ))
ئەوەیتر گۆتی : (( لە ئێمە جوانتر , لە دونیادا پەیدا نابێ‌ . ))
ئەوەیتریان گۆتی : (( وەک تۆ ناشیرین و بەد رووخسار نین . ))
ماسی گۆتی : (( من هیچ بیرم نەدەکرد ئێوە ئەوەندە خۆپەسەندین . باشە , من لە ئێوە دەبۆرم , چونکە ئەم قسانە لە بەر نەنزانی دەڵین . ))
کەفچە ماسیەکان یەک دەنگ گۆتیان : (( یانی ئێمە نەزانین ؟ ))
ماسی گۆتی : (( ئەگەر نەزان نەبووین , دەزانین کە لە دونیادا زۆر شتی دیکە هەیە کە رووخساریان لە لای خۆیانیش ناشیرینە ! ئێوە تەنانەت ناوەکەتانیش هینی خۆتان نیە . ))
کەفچە ماسیەکان زۆر توڕە بوون , بەڵام چونکە بینیان ماسی بچکۆلە راست دەڵێ‌ , قسەی خۆیان گۆری و گۆتیان : (( ئەدی تۆ بۆ چی خۆت ئەزیەت دەدەی . ئێمە هەر رۆژ , لە بەرەبەیانی تاکو شەو دونیا دەگەرین , بەڵام جگە لە خۆمان و دایک و باوکمان , کەسێکیتر نابینین , مەگەر کرمەکانی بچۆک کە ئەوانیش هیچی نین و بە حساب دا نایەن ! ))
ماسی گۆتی : (( ئێوە کە ناتوانین لە گۆمەکە بڕۆینە دەرێ‌ , چون لە جیهانگەردی قسە دەکەین ؟ ))
کەفچە ماسیەکان گۆتیان : (( مەگەر جگە لە گۆماو , دونیاێکی دیکەیشمان هەیە ؟ )) ماسی گۆتی : (( لانی کەم دەبێ‌ بیر بکەینەوە کە ئەم ئاوە لە کوێ‌ دەرژێتە ئێرە و لە دەرەوەی ئاویش چ شتانێک هەیە . ))
کەفچە ماسیەکان گۆتیان : (( دەرەوی ئاو ئیتر چ شوێنێکە ؟ ئێمە کە هەرگیز دەرەوەی ئاومان نەبینیوە ! هاها . . . هاها . . . شێت بووی بابا ! ))
ماسی ڕەشی بچکۆلەیش پێکەنینی دەهات . بە باشی زانی کە کەفچە ماسیەکان بە حاڵی خۆیان بهێڵێ‌ و لەوێ‌ بڕوات . دوایی بیری کردەوە و بە باشی دەزانی کە لە گەڵ دایکی ئەوانیش توزێک قسە بکات , بۆیە لەوان پرسیاری کرد کە : (( ئێستا دایکتان لە کوێ‌ دایە ؟ ))
لە ناکاودا دەنگی زیقی قۆرواق ئەوی داچەڵەکاند .
قۆرواقەکە لە قەراخی گۆماو , لە سەر بەردێک دانیشتبوو , خۆی خستە ناو ئاو و هاتە لای ماسی و گۆتی : (( من لێرەم , کارێکت بە من بوو ؟ ))
ماسی گۆتی : (( سڵاو خاتوو گەورە ! ))
قۆرواق گۆتی : (( ئێستا چ کاتی خۆ نوداندنە , گیانەوەری بە ئەسڵا و ریشە ! منداڵت دەس کەوتووە و خەریکی قسەی زڵا زڵی , من ئیتر ئەوەندە تەمەنم رۆیشتووتە سەرێ‌ کە بزانم دونیا هەر ئەم گۆمەیە . باشتر وایە بڕۆیتە دوای کاری خۆت و منداڵەکانی من بە لارێ‌ نەبەی . ))
ماسی بچکۆلە گۆتی : (( سەد جاریش لەم تەمەنانەت بێت , دیسان قۆرواقی نەزان و بێ‌ چارە زۆرتر شتێکی دیکە نیت . )) قۆرواق توڕە بوو و بەرەو لای ماسی ڕەشی بچکۆلە خۆی فرێ‌ دا , ماسی جووڵەێکی تووندی کرد و وەک تیر دەرچوو و قۆر و کرمەکانی بنی گۆمەکەی هێنایە سەر ئاو .
دۆڵەکە پڕ بوو لە لۆفە . ئاوی جۆگەیش زۆرتر ببوو , بەڵام ئەگەر بدهەویست لە سەرەوەی چیاکان خوارەوەی دۆڵەکە تەماشا بکەی , جۆگەکە وەک داوێکی سپی بوو . لە شوێنێک دا بەردێکی گەورە لە چیاکە جیا ببوو و کەوتبووە خوارەوەی دۆڵەکە و ئاوەکەی کردە بووە دوو بەش . مارموزکێکی گەورە , بە قەد ناو دەستێک , زکی خۆی دابووە سەر بەردێک , لە تینی هەتاو حەزی دەبرد و تەماشای قرژانگێکی خڕ و گەورە دەکرد کە دانیشتبووە سەر خیزەکانی بنی ئاو , لەو شوێنەدا کە قووڵایی ئاوەکە کەمتر بوو خەریک بوو قۆرواقێک کە گرتبوو دەخوارد . ماسی بچکۆلە لە ناکاو چاوی کەوتە قرژانگەکە و ترسا . لە دوورەوە سڵاوی لێ‌ کرد . قرژانگیش لە لای چاوەوە تەماشای ئەوی کرد و گۆتی :
(( چ ماسیەکی بە ئەدەب ! وەرە نزیکەوە بچکۆلە , وەرە ! ))
ماسی بچکۆلە گۆتی : (( من دەچم تاکو دونیا بگەرم و هیچ نامەوێ‌ ببمە ڕاوی ئێوە . ))
قرژانگ گۆتی : (( تۆ بۆ چی ئەوەندە بەدبین و ترسەنۆکی , ماسی بچکۆلە ؟ ))
ماسی گۆتی : (( من نە بەدبینم و نە ترسەنۆک . من هەر چی کە چاوەکانم دەبینی و عەقڵم پێ‌ دەشکێ‌ , بە سەر زمان دێنم . ))
قرژانگ گۆتی : (( باشە , بفرموو با بزانم چاوی تۆ چیی بینی و عەقڵی تۆ چیی گۆت کە پێت وا بوو کە من ئەمەوێ‌ تۆ ڕاو بکەم ؟ ))
ماسی گۆتی : (( ئیتر خۆت لە گێلی مەدە ! ))
قرژانگ گۆتی : (( مەبەستی تۆ قۆرواقە ؟ تۆیش کە تەواو منداڵی بابا ! من لە گەڵا قۆرواقەکان دوژمنم و لە بەر ئەمەیە کە ڕاویان دەکەم . دەزانی , ئەمانە پێان وایە تەنیا گیانەوەرەکانی دونیان و خۆشبەختن . و من ئەمەوێ‌ تێان بگەێنم کە دونیا بە راستی دا لە دەستی چ کەسێک دایە ! بۆیە تۆ ئیتر مەترسە گیانەکەم , وەرە پێشەوە , وەرە ! ))
قرژانگ ئەم قسانەیە کرد و وردە وردە هاتە پێشەوە بۆ لای ماسی بچکۆلە , ئەوەندە بە پێکەنینی بە رێگا دەچوو کە ماسی پێکەنینی هات و گۆتی : (( بێ‌ چارە ! تۆ کە هێشتا بە رێگا چوون نازانی , لە کوێ‌ دەزانی دونیا لە دەستی کی دایە ؟ ))
ماسی ڕەش لە قرژانگ دوور کەوت . سێبەرێک کەوتە سەر ئاوەکە و لە ناکاو , زەبرێکی قورس قرژانگی بردە ژێر خیزەکانی بنی ئاو . مارموزک لە رووخساری قرژانگ ئەوەندە پێکەنینی هات کە خزی و نزیک بوو بکەوێتە ناو ئاو . قرژانگ , چیتر نەیتوانی بێتە دەرێ‌ . ماسی بچکۆلە بینی کورە شوانێکی منداڵا لە قەراخی ئاوەکە ڕاوەستاوە و تەماشای ئەو قرژانگە دەکات . ڕانێکی بزن و کاور نزیکی ئاو بوون و دەمیان کردە ناو ئاوەکە . دەنگی مەع , مەع و بەع , بەع دۆڵەکەی پڕ کردە بوو . ماسی ڕەشی بچکۆلە ئەوەندە ڕاوەستا تاکو بزن و کاورەکان ئاویان خوارد و چوون , ئەو کاتە , مارموزکی بانگ کرد و گۆتی :
(( مارموزک گیان ! من ماسی بچکۆلەم و دەچم تاکو کۆتایی جۆگەکە بدۆزمەوە . پێم وایە تۆ گیانەوەرێکی زانا و تێگەیشتووی , بۆیە ئەمەوێ‌ پرسیارێک لە تۆ بکەم . ))
مارموزک گۆتی : (( هەرچی ئەتەوێ‌ پرسیار بکە . ))
ماسی گۆتی : (( لە رێگادا , منیان زۆر لە مورغی سەقا و ئەڕە ماسی و پەلەوەری ماسی خوار دەترساند , ئەگەر تۆ شتێک سەبارەت بە ئەمانە دەزانی , پێم بڵێ‌ . ))
مارموزک گۆتی : (( ئەرە ماسی و پەلەوەری ماسی خوار لەم دەور و بەرانە نین , بە تایبەت ئەرەماسی کە لە ناو دەریا هەیە . بەڵام مورغی سەقا لەوانەیە لە خوارتر بێت . فریوت نەدات و بڕۆیتە ناو کیسەکەی . ))
ماسی گۆتی : (( چ کیسەیەک ؟ ))
مارموزک گۆتی : (( مورغی سەقا لە ژێر ملی خۆی کیسەیەکی هەیە کە ئاوی زۆر تێدا جێگای دەبێ‌ . ئەو لە ناو ئاو مەلە دەکات و هێندێک جار ماسیەکان , نازانن و دەچنە ناو کیسەکەی و لەوێدا دەچنە ناو زکی ئەو . هەڵبەتە ئەگەر مورغی سەقا برسیی نەبێ‌ , ماسیەکان لە ناو کیسەکەی کۆ دەکاتەوە بۆ خواردنی دوایی خۆی . ))
ماسی گۆتی : (( ئێستا ئەگەر ماسی چووە ناو کیسەکەی , ئیتر رێگای دەرباز بوونی نیە ؟ ))
مارموزک گۆتی : (( هیچ رێگاێک نیە , مەگەر ئەوەی کە بدڕێ‌ . من خەنجەرێک بە تۆ دەدەم تاکو ئەگەر تووشی مورغی سەقا بوویت , ئەم کارە بکەی . ))
ئەمجا , مارموزک چووە لای بەردەکە و خەنجەرێکی بچۆک لە گەڵ خۆی هێنا . ماسی بچکۆلە خەنجەرەکەی هەڵگرت و گۆتی : (( مارموزک گیان ! تۆ زۆر مەهرەبانی , من نازانم چون سوپاسی تۆ بکەم . ))
مارموزک گۆتی : (( سوپاسی نایەوێ‌ گیانەکەم ! من زۆر لەم خەنجەرانەم هەیە . کاتێک بێکار دەبم , لە تێخی گیاکان خەنجەر دروست دەکەم و دەدەمە ماسیەکانی زانا وەک تۆ . ))
ماسی گۆتی : (( مەگەر پێش لە من ماسیەکیتریش هاتووتە ئێرە ؟ ))
مارموزک گۆتی : (( زۆر هاتوون ! ئەوان ئێستا بۆ خۆیان گروپێکن و ماسی گیرەکانیان تەنگاو کردووە . ))
ماسی ڕەش گۆتی : (( ببورە کە قسە , قسە دێنێ‌ , ئەگەر حسابی فزوڵی لە سەر قسەکەم ناکەی , بڵێ‌ بزانم ماسی گیرەکانیان چون تەنگاو کردووە ؟ ))
مارموزک گۆتی : (( ئاخر لە بەر ئەوەی کە لە گەڵا یەکترن , تا ئەمەی کە ماسی گیر تورەکەی بخاتە ناو ئاو , دەچنە ناو تور و تورەکە لە گەڵ خۆیان ڕادەکێشن و دەبەنەی بنی دەریا . ))
مارموزک گوێی نایە سەر درزی بەردەکە و گوێی ڕاگرت و گۆتی : (( من ئیتر دەچم , منداڵەکانم هەستاون . ))
مارموزک چووە درزی بەردەکە , ماسی ڕەشیش لە بەر ناچاری کەوتە رێ‌ . بەڵام هەروا پرسیار بە دوای پرسیار بوو کە بەردەوام لە خۆی دەکرد : (( ببینم , بە راستی جۆگە دەرژێتە دەریا ؟ نەکات مورغی سەقا زوری بە سەر من دابشکێ‌ ؟ بە راستی , ئەرە ماسی لە دڵی دێت هاوشێوەکانی خۆی بکوژی و بخوات ؟ پەلەوەری ماسی خوار , ئیتر چ دوژمنایەتێکی لە گەڵا من هەیە ؟ ))
ماسی بچکۆلە , بە مەلە کردن دەچوو و بیری دەکرد . لە هەر هەنگاوێکی رێگا شتێکی تازە دەبینی و فێر دەبوو . ئێستا ئیتر حەزی دەکرد بە تەقڵە لە تاڤگەکان بکەوێتە خوارەوە و دیسان مەلە بکات . هەست بە تینی هەتاو لە سەر پشتی خۆی دەکرد و هێزی دەگرت .
لە شوێنێک دا ئاسکێک بە پەلە ئاوی دەخوارد . ماسی بچکۆلە سڵاوی لێ‌ کرد و گۆتی : (( ئاسکە جوانەکە , بۆ چی پەلە دەکەی ؟ ))
ئاسک گۆتی : (( ڕاوچی بە دوای منە , گوڵلەێکیش لە من داوە , ئەمە جێگاکەیە . ))
ماسی بچکۆلە جێگای گوڵلەکەی نەبینی بەلام لە شەلە شەلی ئاسک زانی کە راست دەڵێ‌ . لە شوێنێک دا کیسەڵەکان لە ژێر تینی هەتاو خەوتە بوون و لە شوێنیکیتر قاقای کەوەکان دۆڵەکەی پڕ کردە بوو . بۆنی گیاکانی کیوی هەموو جێگایکی پڕ کردە بوو و تێکەڵی ئاو دەبوو . دوانیوەڕۆ گەیشتە شوێنێک کە دۆڵەکە بەرین دەبوو و ئاو لە ناوەراستی دارستانێک تێپەر دەبوو . ئاوەکە ئەوەندە زۆر ببوو . کە ماسی ڕەشەکە , بە راستی , حەزی دەکرد . دوایی گەیشتە ماسیەکی زۆر . لەو کاتەی کە لە دایکی جیا ببوو تاکو ئێستا , ماسیی نەبینی بوو . چەند دانە لە ماسیە وردەکان دەورەی ئەویان دا و گۆتیان : (( وەک شتی تۆ غەریبی , دروستە ؟ ))
ماسی ڕەشەکە گۆتی : (( بەڵێ‌ من غەریبم , لە رێگای دوورەوە هاتووم ؟ ))
ماسیە وردەکان گۆتیان : (( بۆ کوێ‌ دەچی ؟ ))
ماسی ڕەشەکە گۆتی : (( دەچم کۆتایی جۆگەکە بدۆزمەوە . ))
ماسی وردەکان گۆتیان : (( کام جۆگە ؟ ))
ماسی ڕەشەکە گۆتی : (( هەر ئەم جۆگەیە کە لە ناو ئەودا مەلە دەکەین . ))
ماسیە وردەکان گۆتیان : (( ئێمە بە ئەمە دەڵێن رووبار . ))
ماسی ڕەشەکە هیچی نەگۆت . یەکێک لەماسیە وردەکان گۆتی : (( هیچ دەزانی مورغی سەقا لە سەر رێگا دانیشتووە ؟ ))
ماسی ڕەشەکە گۆتی : (( بەڵێ‌ , دەزانم . ))
یەکێکیتر گۆتی : (( ئەمەیش دەزانی کە مورغی سەقا چ کیسەیەکی پان و بەرینی هەیە ؟ ))
ماسی ڕەش گۆتی : (( ئەمەیش دەزانم . ))
ماسی وردەکە گۆتی : (( ئەمانە دەزانی و دیسان ئەتەوێ‌ بڕۆی ؟ ))
ماسی ڕەش گۆتی : (( بەڵێ‌ , بە هەر شێوەیەک بووە دەبێ‌ بڕۆم ! ))
بە خێرایی لە ناو ماسیەکان قسە دەم بە دەم گەرا کە : ماسی ڕەشی بچکۆلە لە رێگای دوورەوە هاتووە و ئەیهەوێ‌ بچێت کۆتایی رووبارەکە بدۆزێتەوە و ترسێکیشی لە مورغی سەقا نیە ! چەند دانە لە ماسیە وردەکان پێان خۆش بوو لە گەڵا ماسی ڕەش بچن , بەڵام لە ترسی گەورەکانیان دەنگیان دەر نەدەهات . چەند دانە لەوانیش گۆتیان : (( ئەگەر مورغی سەقا نەبوایە , لە گەڵا تۆ دەهاتین . ئێمە لە کیسەکەی مورغی سەقا دەترسین . ))
لە قەراخی رووبارەکە لادێ‌یەک بوو . ژنان و کچانی دێ‌یەکە لە ناو روووبارەکە قاپ و جلی خۆیان دەشوشت . ماسی بچکۆلە بۆ ماوەێک گوێی دایە دەنگە دەنگی ئەوان و تماشای مەلە کردنی منداڵان دەکرد و پاشان بە رێ‌ کەوت . چوو و چوو و دیسان چوو تاکو بوو بە شەو . لە ژێر بەردێک بۆ خۆی خەوت . نیوە شەو لە خەون هەستا و بینی وێنەی مانگ کەوتووتە ناو ئاوەکە و هەموو شوێنێکی رووناک کردووتەوە .
ماسی ڕەشی بچکۆلە زۆر حەزی لە مانگ بوو . ئەو شەوانەی کە مانگ دەکەوتە ناو ئاو , ماسی حەزی دەکرد لە ژێر گیاکانی ناو ئاو بێتە دەرێ‌ و لە گەڵا مانگ توزێک قسە بکات , بەڵام هەر جار دایکی هەڵدەستاو ئەوی دەبردە ژێر گیاکانی ناو ئاو و دیسان دەیخەواندی .
ماسی بچکۆلە چووە لای مانگ و گۆتی : (( سڵاو , مانگە جوانەکەم ! ))
مانگ گۆتی : (( سڵاو , ماسی ڕەشی بچکۆلە ! ئێرە لە کوێ‌ , تۆ لە کوێ‌ ؟ ))
ماسی گۆتی : (( خەریکم دونیا دەگەرم . ))
مانگ گۆتی : (( دونیا زۆر گەورەیە . تۆ ناتوانی هەموو شوێنێک بگەری . ))
ماسی گۆتی : (( باشە . هەر شوێنێک توانیم , دەچم . ))
مانگ گۆتی : (( پێم خۆش بوو تاکو سبەینی لە لای تۆ دانیشم . بەڵام هەورێکی ڕەشی گەورە خەریکە دێت بۆ لای من کە بەر بە رووناکی من بگرێ‌ . ))
ماسی گۆتی : (( مانگی جوان ! من زۆر حەزم لە رووناکی تۆ هەیە . پێم خۆش بوو ئەم رووناکیە هەمیشە لە سەر من بوایە . ))
مانگ گۆتی : (( ماسی گیان ! راستەکەی ئەوەیە کە من رووناکیم نیە . هەتاو رووناکی بە من دەدات و منیش ئەم رووناکیە ئەدەمە سەر زەوی . رووناکیم نیە . راستی تۆ هیچ بیستویت کە مرۆڤەکان ئەیانەوێ‌ تا چەند ساڵێکیتر بفڕن و بێن لە سەر من دانیشن ؟ ))
ماسی گۆتی : (( ئەمە قەد سەر ناگرێ‌ . ))
مانگ گۆتی : (( کارێکی زۆر سەخت و دژوارە , بەلام ئینسانەکان هەر کارێک کە بیانەوێ‌ . . . ))
مانگ نەیتوانی قسەکەی تەواو بکات . هەوری ڕەش گەیشت و بەری ئەوێ‌ گڕت و شەو دیسان تاریک بوو و ماسی ڕەش , تەنیا مایەوە . چەند دەقەێک , گێژ و مات , تەماشای تاریکیی کرد . پاشان چووە ژێر بەردێک و خەوت .
سبەینی زوو هەستا . لە دەوروبەری خۆی چەند دانە ماسی وردی بینی کە خەریکی پچ و پچ لە گوێ‌ یەکتر بوون . تا بینیان ماسی ڕەش لە خەون هەستا . پێکەوە گۆتیان : (( بەیانی باش ! ))
ماسی ڕەش زوو ئەوانی ناسی و گۆتی : (( بەیانی باش ! ئاخری بە دوای من بە رێ‌ کەوتین ! ))
یەکێک لە ماسیە وردەکان گۆتی : (( بەڵێ‌ , بەڵام هێشتا دەترسین . ))
یەکێکیتریان گۆتی : (( بیر کردنەوە لە مورغی سەقا ناهیڵێ‌ ئاسوودە بین . ))
ماسی ڕەش گۆتی : (( ئێوە زۆر بیر دەکەین . هەمووی کە نابێ‌ بیری ڵێ‌ کرد . بە رێگا کە چووین , بە تەواوی ترسمان نامینێ‌ . ))
بەڵام تا ویستیان بە رێ‌ بکەون . بینیان ئاوی دەوروبەریان هاتە سەرێ‌ و سەر پۆشێک دانرایە لە سەر سەریان و هەموو شوێنیک تاریک بوو و رێگای دەرچوونێکیش نەبوو . ماسی ڕەش زۆر زوو زانی کەوتوونەتە ناو کیسەی مورغی سەقا .
ماسی ڕەشی بچکۆلە گۆتی : (( دۆستان ! ئێمە لە کیسەی مورغی سەقا گرفتار بووین . بەڵام رێگای دەرچوون بە تەواوی دانەخراوە . ))
ماسیە وردەکان دەستیان کردە گریان و ناڵین . یەکێک لەوان گۆتی : (( ئێمە ئیتر رێگای دەرچوونمان نیە تاوانی تۆیە کە ئێمەت هاندا و ئێمەت خەڵەتاند ! ))
یەکێکیتر گۆتی : (( ئێستا هەموومان دەخوات و ئیتر کاری ئێمە تەواوە ! ))
لە ناکاو قاقایکی ترسناک دەنگی داوە ناو ئاوەکە . ئەمە مورغی سەقا بوو کە پێدەکەنی . پێدەکەنی و دەیگۆت : (( چەندە ماسی وردم دەس کەوتووە ! ها ها ها ها ها . . . بە راستی کە دڵم پێان دەسووتێ‌ ! هیچ لە دڵم نایەی بیانخوم ! ها ها ها ها ها . . . ))
ماسی وردەکان دەپارانەوە و دیانگۆت : (( حەزرەتی ئاغای مورغی سەقا ! ئێمە تاریفی چاکی ئێوە زۆر دەمێکە بیستووین و ئەگەر لوتف بکەین , دەنوکی موبارەکی خۆتان توزێک بکەینەوە کە ئێمە بچینە دەرەوە , بۆ هەمیشە دوعاگۆی وجودی موبارەکی ئێوە دەبین ! ))
مورغی سەقا گۆتی : (( من نامەوێ‌ هەر ئێستا ئێوە بیخوم . ماسی پاشکەوتم هەیە . ئێستا بڕواننە خوارەوە . . . ))
چەند دانە ماسی گەورە و ورد لە بنی کیسەکە بوون . ماسی وردەکان گۆتیان : (( حەزرەتی ئاغای مورغی سەقا ! ئێمە کە کارێکمان نەکردووە . ئێمە بێ‌ تاوانین . ئەم ماسیە ڕەشە بچکۆلەیە ئێمەی خەڵەتاند . . . ))
ماسی بچکۆلە گۆتی : (( ترسەنۆکانە ! پێتان وایە ئەم مورغە فێل بازە , کانگای لێبوردنە کە ئاوا لێ‌ دەپارینەوە ؟ ))
ماسیە وردەکان گۆتیان : (( تۆ هیچ نازانی خەریکی چی دەڵی . ئێستا دەبینی کە چون ئاغای مورغی سەقا لێمان دەبوری و تەنیا تۆ دەخوات ! ))
مورغی سەقا گۆتی : ((بەڵێ‌ . دەبورمەتان , بەڵام بە یەک مەرج . ))
ماسیە وردەکان گۆتیان : (( مەرجەکەتان بڵێن , قوربان ! ))
مورغی سەقا گۆتی : (( ئەم ماسیە فزۆڵە بخنکێنن تا ئازادی خۆتان بە دەس بهێنین . ))
ماسی ڕەشی بچکۆلە دوور کەوتەوە و بە ماسیە وردەکان گۆتی : (( قبووڵی مەکەن ! ئەم مورغە سەقا فێل بازە ئەیەوێ‌ ئێمەی بداتە شەڕ . من پیلانێکم دارشتووە . . . ))
بەڵام ماسیە وردەکان ئەوەندە لە بیری دەباز بوونی خۆیان بوون کە بیر لە هیچ شتێکیتریان نەدەکرد و هێرشیان کردە سەر ماسی ڕەشی بچکۆلە , ماسی بچکۆلە پاشەکشەی کرد بۆ لای کیسە و بە ئارامی دەیگۆت : (( ترسەنوکانە , ئێستا کە ئێوە گرفتار بووین و رێگای دەرباز بوونتان نیە . زورتانیش بە من ناشکێ‌ . ))
ماسی وردەکان گۆتیان : (( دەبێ‌ بدخنکێنین . ئێمە ئازادیمان دیهەوێ‌ ! ))
ماسی ڕەش گۆتی : (( عەقڵتان نەمایە ! ئەگەر منیش بخنکێنین دیسان رێگای دەرباز بوون نادۆزینەوە , فریوتان نەدات ! ))
ماسیە وردەکەن گۆتیان : (( تۆ لە بەر ئەمە ئەم قسە دەکەی کە گیانی خۆت ڕزگار بکەی و چیتر بیری ئێمە ناکەی ! ))
ماسی ڕەش گۆتی : (( ئەی گوێ‌ ڕاگرن رێگاێک نیشانتان بدەم . من لە نێوان ماسیە مردووەکان خۆم بە مردووی ئەدەم , ئەو کات بزانبن مورغی سەقا ئێوە ئازاد دەکات یان نە , و ئەگەر قسەی من قبووڵا نەکەین , بەم خەنجەرە هەمووتان دەکوژم و یان کیسەکە دەدڕم و ڕادەکەم و ئێوە . . . ))
یەکێک لە ماسیەکان هاتە ناو قسەکانی و هاواری کێشا : (( بەسە ئیتر ! من تەحەموڵی بیستنی ئەم قسانەمە نیە . . . ئەی . . . ئەی . . . ئەی . . . ))
ماسی ڕەش کە فرمیسکی ئەوی بینی , گۆتی : (( ئەم منداڵە ناز نازی و ترسەنوکە بۆ چی لە گەڵا خۆتان هێنا ؟ ))
پاشان خەنجەرەکەی دەرهێنا و گرتەی بەرچاوی ماسیە وردەکان . ئەوان بەناچاری پێشنیاری ماسی ڕەشیان قبووڵا کرد . بە درۆ لە گەڵا یەکتر شەڕیان کرد . ماسی ڕەش خۆی بە مردووی دا و ئەوان هاتنە سەر سەری و گۆتیان : (( حەزرەتی ئاغای مورغی سەقا , ماسی ڕەشی فزۆڵمان خنکاند . . . ))
مورغی سەقا پێکەنی و گۆتی : (( کارێکی باشتان کرد . ئێستا بە پاداشتی ئەم کارە , هەمووتان بە زیندوویی دەخوم کە لە ناو زکم دا سەیرانێکی جوان بکەن ! ))
ماسی وردەکان چیتر مەجاڵی ئەوەیان نەبوو و بە سورعەتێکی زۆر لە قۆرگی مورغی سەقا چوونە خوارێ‌ و کاریان تەواو بوو . بەڵام ماسی ڕەش , لەو کاتەدا , خەنجەرەکەی دەر هێنا و بە یەک زەبر , کیسەکەی دڕاند و دەرچوو . مورغی سەقا لە ژان هاوارێک کێشا و سەری خۆی دایە ناو ئاو , بەڵام نەیتوانی بە دوای ماسی بچکۆلە بچێت . ماسی ڕەش ڕۆیشت و ڕۆیشت و دیسان ڕۆیشت تاکو دوا نیوەڕۆ هات . ئێستا ئیتر چیا و دۆڵا تەواو ببوو و رووباریش لە دەشتێکی تەخت و هەموار تێدەپەری . لە راست و چەپ دا چەند رووباری بچۆکیتر دەگەیشتنە ئەو و ئاوەکەی چەند بەرابەر دەکرد . ماسی ڕەش لە زۆر بوونی ئاو حەزی دەکرد . لە ناکاو هاتە خۆیەوە و بینی کە ئاوەکە بنی نیە . ئەم بەر چوو , ئەو بەر چوو , نەگەیشتە جێگاێک . ئەوەندە ئاو زۆر بوو کە ماسی بچکۆلە لە ناوێدا ون بوو ! هەر جۆر کە دڵی دەخوازی مەلەی دەکرد و بە جێگاێک نەدەگەیشت . لە ناکاو بینی گیانەوەرێکی درێژ و گەورە بە سورعەت هێرشی بۆ برد . ئەرەێکی دوو لیو لە بەر دەمی ئەو بوو . ماسی بچکۆلە بیری کرد هەر ئێستایە کە ئەرە ماسی پارچە پارچەی بکات . زوو بە خۆی هات و خۆی لا دا و هاتە سەر ئاو . پاش ماوەێک , دیسان چووە ژێر ئاو کە بنی دەریا ببینێ‌ . لە ناوەراستی رێگا دەستە ماسیەکی بینی . هەزاران هەزار ماسی ! لە یەکیکێان پرسیاری کرد : (( هاورێ‌ , من غەریبم , لە رێگای دوور هاتووم , ئێرە کوێ‌یە ؟ ))
ماسی , دۆستەکانی بانگ کرد و گۆتی : (( تەماشا بکەن ! یەکێکیتر . . . ))
پاشان بە ماسی ڕەش گۆتی : (( هاورێ‌ , بە دەریا خۆش هاتی ! ))
یەکێکیتر لە ماسیەکان گۆتی : (( هەموو رووبارەکان و جۆگەکان دەرژنە ئێرە , هەڵبەتە هێندێک لەوانیش دەرژنە باتڵاق . ))
یەکێکیتر گۆتی : (( هەر کات ویستت , دەتوانی بیتە ناو دەستەی ئێمە . ))
ماسی ڕەشی بچکۆلە خۆشحاڵا بوو کە گەیشتووتە دەریا , گۆتی : (( باشتر وایە یەکەم جار . توزێک بگەرم , پاشان بێم بۆ ناو دەستەی ئێوە . دڵم دەخوازی ئەم جارە کە توری پیاوی ماسیگیر بە دوای خۆتان ڕادەکیشن , منیش لە گەڵا ئێوە بم . ))
یەکێک لە ماسیەکان گۆتی : (( بەم زووانە بە ئارەزووی خۆت دەگەی , ئێستا بڕۆ بگەرە , بەڵام ئەگەر چوویتە سەر ئاو ئاگاداری ماسی خوار بە کە لەم ڕۆژانە ئیتر لە هیچ کەسێک ناترسێ‌ , هەر ڕۆژ تا چوار , پێنج ماسی ڕاو نەکات , دەس لە سەری ئێمە هەڵناگرێ‌ . ))
ئەو کات ماسی ڕەش لە دەستەی ماسیەکانی دەریا جیا بوو و خۆی خەریکی مەلە کردن بوو . توزێکیتر هاتە سەر ئاوی دەریا , هەتاوەکە بە تین بوو . ماسی ڕەشی بچکۆلە هەست بە گەرمای زۆری هەتاو لە سەر پشتی خۆی کرد و حەزی دەکرد . هێدی و خۆش لە سەر ئاوی دەریا مەلەی دەکرد و لە گەڵ خۆی دەیگۆت :
(( مەرگ زۆر ئاسان دەتوانێ‌ ئێستا بێت بۆ من , بەڵام من تا دەتوانم رووبەرووی مەرگ بم ـ کە هەر دەبم ـ گرێنگ نیە , گرێنگ ئەمەیە کە ژیان یا مەرگی من چ کاریگەرێکی لە سەر ژیانی کەسانیتر بێت . . . ))
ماسی ڕەشی بچکۆلە نەیتوانی زۆرتر لەمە بە دوای فیکر و خەیاڵی خۆی بچێت . ماسی خوار هات و ئەوی هەڵگرت و لە گەڵا خۆی برد . ماسی بچکۆلە لە لای دەنوکی درێژی ماسی خوار دەس و پێی دەدا , بەڵام نەیتوانی خۆی دەرباز بکات . ماسی خوار ئاوا تووند ناوقەیی ئەوی گرتبوو کە خەریک بوو گیانی دەر دەچوو ! ئاخر , ماسیەکی بچکۆلە چەندە دەتوانێ‌ لە دەرەوەی ئاو زیندو بمینێتەوە ؟
ماسی بیری کرد کە خۆزگە ماسی خوار هەر ئێستا بخواتەی تا لانی کەم ئاو و نمی ناو زکی ئەو , چەند دەقەیەک بەر بە مردنی ئەو بگرێ‌ . بەم بیرە بە ماسی خواری گۆت : (( بۆ چی من بە زیندویی ناخوی ؟ من لەو ماسیانەم کە پاش مردن , گیانیان پڕ لە ژار دەبێت . ))
ماسی خوار شتێکی نەگۆت , بیری کرد : (( ئەی فێل باز ‍ چ فێلێک لە کاری تۆیە ؟ نەکات ئەتهەوێ‌ من قسە بکەم تاکو دەر بچیت ؟ ))
وشکی لە دوورەوە دەر کەوتبوو و نزیک و نزیکتر دەبوو . ماسی ڕەش بیری کرد : (( ئەگەر بگەینە وشکی ئیتر کاری من تەواوە . ))
ئەمە بوو کە گۆتی : (( دەزانم کە ئەتهەوێ‌ من بۆ منداڵەکەت ببەی , بەڵام تا بگەینە وشکی , من مردووم و گیانم پڕ لە ژار دەبێ‌ . بۆ چی بەزەئیت بە منداڵەکانت نایەیت ؟ ))
ماسی خوار بیری کرد : (( ئاگادار بوونیش کارێکی باشە ‍ بە خۆم تۆ دەخوام و بۆ منداڵەکانیشم ماسیەکیتر ڕاو دەکەم . . . بەڵام با بزانم . . . فێلێک لە کار نەبێ‌ ؟ نە , هیچ کارێک ناتوانی بکەی ‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍ ! ))
ماسی خوار لەم بیرانە بوو کە بینی لەشی ماسی ڕەش , شل بووە و ناجووڵێتەوە . لە گەڵا خۆی بیری کرد : (( تۆ بڵی مردە بێت ؟ ئێستا ئیتر خۆمیش ناتوانم ئەو بیخوم . ماسی بەم نەرم و ناسکیەی چون حەرامم کرد ‍‍‍ ))
ئەمە بوو کە ماسی ڕەشی بانگ کرد تاکو پێ‌ بڵێ‌ : (( ئاهای بچکۆلە ‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‍‌‍هێشتا نیوە گیانێکت هەیە کە بتوانم تۆ بیخوم ؟ ))
بەڵام نەیتوانی قسەکەی تەواو بکات . چونکە تا دەنوکی کردەوە , ماسی ڕەش هەڵی خستەوە و کەوتە خوارێ‌ . ماسی خوار کە بینی کلاوێکی خراپ چووەتە سەری , کەوتە دوای ماسی ڕەشی بچکۆلە . ماسی وەک با لە ئاسمان دا هەلێ‌ دەخستەوە و دەچووە ناو ئاو . لە خۆشی ئاوی دەریا , لە خۆ بێ‌ خۆ ببوو و دەمی وشکی خۆی لە گەڵ ئاوی دەریا تەر دەکرد . بەڵام تا دەچووە ناو ئاو و هەناسەی تازە دەکرد ماسی خوار وەک با دەگیشتە ئەو و ئەم جارە ئاوا بە سورعەتەوە ماسیی ڕاو کرد و خواردی کە ماسی تا ماوەیەک نەیزانی چ بە سەرێ‌ هاتووە . تەنیا هەستی دەکرد کە هەموو جێگاێک تەر و تاریکە و رێگاێک نیە و دەنگی گریان دێت . کاتێک چاوەکانی بە تاریکی عادەتی کرد . ماسیەکی زۆر وردی بینی کە لە گۆشەێک خۆی کۆ کردووتەوە و دایکی بانگ دەکرد . ماسی ڕەش نزیکی ئەو ببوو و پێ‌ گۆتی :
(( بچکۆلە : هەستەوە و لە فیکری رێگا چارەسەرێک بە , دەگری و دایکت بانگ دەکەی کە چی ؟ ))
ماسی وردەکە گۆتی : (( تۆ ئیتر . . . کێ‌یی ؟ مەگەر نابینی خەریکم . . . خەریکم لە ناو . . . دەچم ؟ . . . ئەی . . . ئەی . . . ئەی . . . دایکی . . . من . . . من ئیتر ناتوانم لە گەڵا تۆ بم و توری ماسیگیر ببەمە بنی دەریا . . . ئەی . . . ئەی . . . ئەی ! ))
کاتێک ماسی وردەکە بەر بە گریانی خۆی گرت , ماسی بچکۆلە گوتی :
(( من ئەمەوێ‌ ماسی خوار بیکوژم و ماسیەکان ئاسوودە بکەم , بەڵام پێش لە هەموو شت دەبێ‌ تۆ دەرباز بکەم کە خۆت ریسوا نەکەی . ))
ماسی وردەکە گۆتی : (( تۆ کە خەریکی دەمری , چون ئەتهەوێ‌ ماسی خوار بیکوژی ؟ ))
ماسی بچکۆلە خەنجەرەکەی نیشانی دا و گۆتی : (( لەم ناوەدا , زکی دەدڕم , ئێستا گوێ‌ ڕاگرە بزانە چ دەڵم : من دەگەرم و ئەم ل او ئەو لا دەڕۆم , کە ماسی خوار ختیی پێ‌ بێت و پێ‌ بکەنێ‌ و هەر ئەوەی کە دەمی کردەوە و دەستی پێ‌ کردە قا قا پێکەنین , تۆ بڕۆ دەرەوە . ))
ماسی وردەکە گۆتی : (( ئەی خۆت چی ؟ ))
ماسی بچکۆلە گۆتی : (( بیری من مەکە . من تا ئەم بەد جنسە نەکوژم , نایەمە دەرێ‌ . ))
ماسی ڕەش ئەمەی گۆت و دەستی پێ‌ کردە گەران و ئەم لا و ئەو لا ڕۆیشتن و ختی دانی ماسی خوار . ماسی وردەکە لە بەردەم مەعدەی ماسی خوار ئامادە ڕاوەستا بوو . تا ماسی خوار دەمی کردەوە و دەستی پێ‌ کردە پێکەنین , ماسی وردەکە لە دەمی ماسی خوار خۆی خستە دەرێ‌ و دەرچوو و پاشان کەوتە ناو ئاو . بەڵام هەر چی چاوەروان بوو لە ماسی ڕەش خەبەرێک نەبوو . لە ناکاو بینی ماسی خوار هەروا بە خۆی دەپێچێ‌ و هاوار دەکات , تا ئەوەی دەستی پێ‌ کردە دەس و پێ‌ لێدان و پاشان کەوتە ناو ئاو و دەس و پێی لێ‌ دەدا تاکو لە جم و جۆڵا کەوت , بەڵام لە ماسی ڕەشی بچکۆلە هیچ خەرێک نەبوو و تاکو ئێستایش هیچ خەبەرێک نەبووە . . .
ماسی پیر چیرۆکەکەی تەواو کرد و بە دوانزە هەزار منداڵا و نەوەکەی گۆتی : (( ئیتر کاتی خەوتنە روڵەکانم , بچن بخەون . ))
منداڵەکان و نەوەکان گۆتیان : (( دایە گەورە ! نەدگۆت بە سەرهاتی ئەو ماسیە وردەکە چی بوو . ))
ماسی پیر گۆتی : (( ئەویش بمینێ‌ بۆ سبەینی شەو . ئێستا کاتی خەوتنە , شەو باش ! ))
یانزە هەزار و نۆسەد و نۆهەت و نۆ ماسی بچکۆلە (( شەو باشیان )) گۆت و چوون بخەون . دایە گەورەیش خەوی لێ‌ کەوت , بەڵام ماسی سوورێکی بچکۆلە هەر چی دەکرد خەوی لێ‌ نەدەکەوت , شەو تا سبەینی بەیانی هەمووی لە بیری دەریا بوو .

ارسال یک پاسخ

آدرس ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

Translate »